زانستی : گەشتێکی کورت بەرەو داهاتوو ... ( بهشی یهكهم )
گەشتێکی کورت بەرەو داهاتوو....
بەشی یەکەم....
سروشتی مرۆڤ وایە، هەموومان ئارەزووی ئەوەمان هەیە بزانین لە داهاتوودا چی ڕوودەدات، لەم نوسینەدا گەشتێک بەرەو داهاتوو دەکەم و پێشهاتەکان لەڕووی پێشکەوتنی زانستی و ژیانی مرۆڤ دەخەمە ڕوو، گەشتەکەم بە چوار هەنگاو ئەنجام دەدەم تاوەکو 10 هەزار ساڵی داهاتوو و لە چوار بەشدا بڵاوی دەکەمەوە....
ساڵی 2050 ی زایینی....
پێشهاتەکان......
دۆزینەوە زانستیە نوێیەکان بە خێرایی هەر بەردەوامن....
نیشانە و زیانەکانی گەرمبوونی گۆی زەوی بە تەواوی دەرکەوتوون و تێکرای ووڵاتانی جیهان لە هەوڵی جیددی دان بۆ ڕێگەگرتن لە زیادبوونی....
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا تا ڕادەیەک سەرکەوتوو بووە لە کەمکردنەوەی توندی ئەو زریان و گەردەلولە باراناویانەی کە لە زەریای ئەتڵەسی و کەنداوی مەکسیک دروست دەبن و بەرەو کەنارەکانی ئەو ووڵاتە دەچن لە ڕێگەی گەیاندن و بڵاوکردنەوەی هەندێک ئاوێتەی کیمیاوی بە هۆی موشەک و فڕۆکە لە چینەکانی سەرەوەی بەرگە هەوا (ستڕاتۆسفیر) لەو شوێنانە....
خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی خێرا لە هەموو شوێنێکی جیهان بەخۆڕاییە....
هەموو ئامێرەکانی ماڵەوە و شوێنی کارکردن زیرەکن و بە هەماهەنگی لەگەڵ یەکتر کاردەکەن و هەمووشیان بە تۆڕی ئینتەرنێت بەستراونەتەوە....
خانووەکان زۆربەیان زیرەکن و بۆ خاوەنەکانیان پرۆگرام کراون و کەمترین ووزە بەکاردێنن....
بەکارهێنانی کاغەز بە ڕێژەی 95% کەمبۆتەوە....
منداڵی تازە لە دایک بوو بە جینۆمی دەستکاری کراو بەبێ مەترسی لەدایک دەبێت، ئەو منداڵانە بە کۆمەڵێک خەسڵەتی خوازیار لە دایک دەبن بێ ئەوەی هەڵگری هیچ نەخۆشیەکی کوشندە یان نەخۆشیە بۆ ماوەییەکان بن....
تێکڕای تەمەنی مرۆڤ لە جیهان گەیشتووە بە نزیکەی 95 ساڵ و چارەسەری بنەرەتی دۆزراوەتەوە بۆ گەلێک لە جۆرەکانی نەخۆشی شێرپەنجە و نەخۆشی ئەلزەهایمەر....
کۆمەڵێک شاری بچوک لەسەر ڕووی زەریاکان دروستکراون کە دانیشتوانی هەریەکەیان دەگاتە چەندەها هەزار کەس و توانای بەرهەمهێنانی خۆراک و ووزەی نوێبووەوەی هەیە بۆ دانیشتوانەکانی، دەتوانرێت ئەو شارانە بە بەردەوامی جوڵەیان پێبکرێت و لە هەر شوێنێکی زەریاکان یان کەنارەکانی گۆی زەوی و بۆ هەر ماوەیەک بویسترێت جێگیردەکرێن، ئەو شارانە وەکو شوێنی گەشتیاری بەکاردەهێنرێن بەڵام هەوڵدەدرێت شاری گەورەتری لەم شێوەیە دروستبکرێن شوێنی دەیەها هەزار کەس ببێتەوە....
هەوڵی گرنگ هەیە بۆ دروستکردنی کۆمەڵگای ژیانی بەردەوام بۆ مرۆڤ لە دەرەوەی گۆی زەوی، بەتایبەتی لەسەر مانگ و هەسارەی مەریخ....
وێستگەیەکی ئاسمانی بەردەوام هەیە کە بە دەوری مانگ دەسوڕێتەوە و بەردەوام چەند کەسێکی تێدایە....
کار بۆ دروستکردنی وێستگەیەکی لەم شێوەیەش دەکرێت کە بە بەردەوامی بە دەوری هەرسارەی مەریخ بسوڕێتەوە....
ناسا کۆمەڵێک گەشتی بە مرۆڤەوە ئەنجامداوە بۆ هەسارەی مەریخ....
گەشتیاران دەتوانن گەشتی ئاسمانی ئەنجام بدەن بۆ چەند ڕۆژێک بۆ خولگەیەک بەدەوری گۆی زەوی لە بەرزایی 300 بۆ 600 کیلۆمەتر....
بەکارهێنانی سوتەمەنیە بەردینیەکانی وەک نەوت و گاز زۆر کەمی کردووە لە جیهان، زیاتر لە 85% ی ئۆتۆمبێل و هۆکارەکانی گواستنەوە بە ووزەی کارەبا کاردەکەن و زۆربەیان خودکارن و بێ شوفێر سەرنشینەکان دەگوازنەوە....
زۆربەی ئەوانی تریش بە فڕۆکەکانیشەوە بە سوتەمەنی هایدرۆجینی شل کاردەکەن کە لە ئاو بەرهەم دەهێنرێت لە ڕێگەی ووزەی خۆر....
پتر لە 80% ووزەی کارەبا لە زۆربەی شوێنەکانی جیهان لە ڕێگەی ووزەی نوێبووەوە وەکو خۆر و با و هایدرۆجینی شل دابین دەکرێن....
لە هەموو ووڵات و ناوچەکانی جیهان کار بە سیستەمی دیموکراسی دەکرێت....
بە گشتی کاریگەری ئایین و ئایدیۆلۆژیا لەسەر هەنگاو و کردارەکانی مرۆڤ لە کەمبوونەوەدایە....
لە بەشی دووەم و داهاتوو پێشهاتەکان بۆ ساڵی 2100 دەخەمەڕوو، پێشبینی دەکرێت گۆڕانکاری گەلێک گەورەتر تا ئەو کاتە ڕووبدەن، چاوەڕوان بن......
زانستی : گەشتێکی کورت بەرەو داهاتوو ... ( بهشی یهكهم )
Reviewed by Ahmed YK (S.R.K2) Designer
on
8:46 ص
Rating:

ليست هناك تعليقات: