زانستی : گەشتێکی کورت بەرەو داهاتوو ... ( بەشی چوارهم ) و كۆتایی
گەشتێکی کورت بەرەو داهاتوو ...
ساڵی 10,000 ی زایینی....
پێشهاتەکان لە ڕووی پێشکەوتنی زانستی و ژیانی مرۆڤەکان....
شارستانیەتی مرۆڤ لە پلە یەکەوە گەیشتووە بە پلە دوو لە کۆی پێوەرێکی 5 پلەیی، ئەمە مانای ئەوەیە مرۆڤ توانیویەتی سوود لە هەموو ووزەی خۆر وەربگرێت و بەکاری بێنێت....
بوونی مرۆڤ و زیندەوەران بە تەنیا لەسەر گۆی زەوی بووە بە مێژوو چونکە ئێستا جگە لە زەوی مرۆڤ لە کۆمەڵێک شوێنی تری کۆمەڵەی خۆر و هەسارەی ئەستێرەکانی گالاکسی ڕێی کاکێشان دەژییت کە لە خۆر نزیکن و مرۆڤ لەگەڵ خۆی کۆمەڵێک گیاندار و ڕووەکیشی بردووە بۆ ئەو شوێنانە....
پیس بوونی ژینگەی گۆی زەوی بۆتە مێژوو، گۆی زەوی بۆتە هەسارەیەکی سەوز و جوان، هەموو جۆرە ژیانێک گەشاوەیە لەسەر ووشکایی و ناو دەریا و زەریاکان، کەشتیە ئاسمانیەکان بۆ گەشت کردن لە نێو پێگەکانی مرۆڤ لە کۆمەڵەی خۆر لەسەر مانگ و هەسارەی مەریخ دروست دەکرێن بە سوود وەرگرتن لەو کانزایانەی لەو دوو شوێنە هەن، هەروەها بیابانەکانی ئەفریقیا، ناوەراستی چین، سایبیریا، ڕۆژهەڵاتی ناوەراست سەوز کراونەتەوە....
ژمارەی دانیشتوانی هەموو مرۆڤەکان لە کۆمەڵەی خۆر ئێستا لە چەند سەد ملیۆنێک تێناپەڕێت….
بەهۆی پێشکەوتنە پزیشکیەکان گۆڕانکاری بایۆلۆجی بەرچاو لە لەشی مرۆڤ ڕوویان داوە و مرۆڤەکان درێژتر بوون و پەنجەکانی دەستیشیان درێژتر بووە و نەخۆشیە کوشندەکان بوون بە مێژوو، هۆکاری سەرەکی مردن پیربوونە....
بەهۆی نەمانی سنوورەکان و تێکەڵبوونی جێنۆمەکانی ڕەچەڵەکە جیاوازەکانی مرۆڤ لەسەر زەوی لە هەزارەها ساڵی ڕابردوو ئێستا تەنیا یەک رەچەڵەک مرۆڤ دروست بووە بە یەک ڕوخسار و شێوەی نیمچە لەیەکچوو....
تەنیا سێ زمانی زیندوو ماوەتەوە کە هەموو مرۆڤەکان دەیزانن ئەوانیش زمانی ئینگلیزی و ئیسپانی وماندەرینە....
مرۆڤ تواناکانی گەلێک زۆربووە و ئێستا سێ جۆر مرۆڤ هەن، مرۆڤی بایۆلۆجی یان ئاسایی، مرۆڤی سایبۆرگ Cyborg واتە مرۆڤی نیوە بایۆلۆجی و نیوە ئامێر(مرۆڤە سایبۆرگەکان جگە لە مێشکیان هەموو ئەندامەکانی تری لەشیان دەستکرد و ئامێرە)، هەروەها مرۆڤە نەمرەکان، ئەوانیش ئەو ڕۆبۆتە زیرەکانەن لە شێوەی مرۆڤ بەڵام مێمۆریەکانیان بە تەواوی هی ئەو کەسانەن کە خۆیان خواستیان وابووە دوای مردنیان بەردەوامی بە ژیان بدەن لەناو ڕۆبۆتێکی زیرەکی دەستکرد....
مرۆڤە بایۆلۆجیەکان تا 200 ساڵ دەژین، سایبۆرگەکان تا ئەوەندە و نیو دەژین، ڕۆبۆتە زیرەکەکانیش ئەوانەی هەریەکە و مێمۆری مرۆڤێکیان تێدایە بە نەمری دەمێننەوە چونکە ئەگەر ووزەیان لێ ببڕدرێت یان وورد و خاشیش بکرێن لەناو ناچن لەبەر ئەوەی مێمۆریە کۆن و نوێکانیان بە بەردەوامی هەڵدەگیرێتەوە دەتوانرێت دروست بکرێنەوە....
زیرەکی دەستکرد و ڕۆبۆتە زیرەکەکان هەموو کار و داهێنانەکان بۆ مرۆڤ ئەنجام دەدەن....
مرۆڤەکان لە ڕێگەی ئامێرێکی زۆر بچوک کە لە مێشک چێنراوە دەتوانن پەیوەندی ئەنجام بدەن لەگەڵ هەر کەسێک یان هەر ئامێرێکی تر، لەم ڕێگەیەوە دەتوانن هەموو زانیاریەک وەربگرن و بگۆڕنەوە....
کۆمەڵێک لەو ئاژەڵە کێویانەی کە پێشتر قڕ بووبوون لە ڕێگەی ئەندازیاری بۆ ماوەیی دروستکراونەتەوە و گەڕێنراونەتەوە سەر زەوی وەکو مامۆس....
ملیۆنەها کەس لەسەر مەریخ، مانگ، مانگەکانی زوحەل و موشتەری دەژیین بەڵام تاوەکو ئێستا گۆی زەوی پایتەخت و پێگەی سەرەکی مرۆڤە لە کۆمەڵەی خۆر....
مرۆڤ کەناڵی پەیوەندی دروستکردووە لەگەڵ کۆمەڵێک شارستانیەتی تری پێشکەوتوو کە لە هەرسارەکانی قوڵایی گەلە ئەستێرەی ڕێی کاکێشان دەژیین بەڵام تا ئێستا نەیان توانیوە سەردانی یەکتر بکەن....
گەشتی مرۆڤ لە نێو هەرسارەکانی کۆمەڵەی خۆر بە خێراییەک تا 50% ی خێرایی تیشک بۆتە شتێکی ئاسایی و بە چەند کاتژمێرێک دەگاتە هەر کونجێکی کۆمەڵەی خۆر بیەوێت....
لێرەوە کۆتایی بە گەشتەکەم دەهێنم و دەگەڕێمەوە بۆ ئێستای مرۆڤایەتی، ئەمڕۆ، ئەم سات و چرکەیە، لە بیرمان نەچێت کە داهاتوو هەیە، دێت و نزیکیشە، ئەمڕۆش داهاتوو دروست دەکات و هەموو مرۆڤایەتیش بەشدارە لە دروست کردنی بە جۆرێک لە جۆرەکان بە من و تۆشەوە....
دڵنیا بن هەریەکە لە ئێمە دەتوانێت داهاتوو جوانتر بکات، بەشداربە لە دروستکردنی داهاتووێکی پرشنگدارتر بە بیرکردنەوەی دروست، فێربوون، هەروەها هەنگاوی دروست....
_-_-_-_-_-_-_-_-_-_-_ كۆتایی _-_-_-_-_-_-_-_-_-_-_
زانستی : گەشتێکی کورت بەرەو داهاتوو ... ( بەشی چوارهم ) و كۆتایی
Reviewed by Ahmed YK (S.R.K2) Designer
on
12:08 م
Rating:

ليست هناك تعليقات: