زۆر گرنگ: ڕاستیەکان دەربارەی پڕۆگڕامی HAARP هارپ….

شیکارێکی زانستی و دروست و بێلایەنانە....



پێشەکی تکاتان لێدەکەم چەندە پێتان دەکرێت و دەتوانن ئەم نوسینە لە ئەکاونتەکانتان لە فەیسبووک Share بکەن بۆ ئەوەی زۆرترین کەس لە کوردستان بیبینێت تاوەکو ڕاستیەکان بزانن و بڕوا نەکەن بە لێکدانەوەی هەڵە و نا زانستی، یان ئەو لێکدانەوانەی کە بەداخەوە لەوانەیە پاڵنەری سیاسی یان ئایدیۆلۆژیان لە پشتەوە بێت، من خۆم هەڵگری هیچ ئایدیۆلۆژیایەک نیم و بە بڕوای من زانست ئایدیۆلۆژیای نیە....
ئەم داوایەشم بە تایبەتی دوای ئەوەیە کە بە داخەوە لە دوو ڕۆژی ڕابردوو هەندێ ڕاپۆرت و هەواڵی زۆر نا زانستی و نا دروست لە میدیاکانی کوردستان بڵاوکرایەوە دەربارەی پەیوەندی ئەم پڕۆگرامە بە کەش و هەوای کوردستان، لە ڕێگەی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵانەش هەستم بە بوونی کارەساتێکی مەترسیدار کرد لە کوردستان، ئەویش نا شارەزایی و نا پسپۆڕی ئەو کەسانەیە لە کوردستان کە گوایە بە شارەزا و پسپۆڕی ژینگە و کەش و هەوا دەناسرێن....
ماوەیەکە خەریکی کۆکردنەوەی زانیاریم لەسەر ئەم بابەتە، بەڵام دوای بڵاوبوونەوەی هەندێک هەواڵی پەیوەندیدار بەم بابەتە لە دوو ڕۆژی ڕابردوو لە کوردستان پەلەم کرد لە تەواوکردنی ئەم شیکارە زانستیە....
بۆ کۆکردنەوەی ڕاستیەکان و بنەما زانستیەکانی ئەم بابەتە سوودم لە دەیەها سەرچاوەی زانیاری ڕەسەن وەرگرتووە، لەوانە ڕۆژنامەکانی نیویۆرک تایمز، واشنتۆن پۆست، فاینانشال تایمز، ڕاپۆرتەکانی دەستەی کەش و هەوای نەتەوەیی ئەمەریکا NOAA، دەزگای هەواڵی BBC، ئاژانسی ناسا، ڕاپۆرتەکانی کۆمەڵێک زانکۆ و کۆلیژی زانستی، هتد....
من بە گشتی بۆ نوسینی بابەتە زانستیەکانم و وەرگرتنی زانیاری یەکسەر دەچم بۆ سەرچاوە ڕەسەنەکان و زانیاریەکان ڕاستەوخۆ لەوانەوە وەردەگرم، زانیاریەکان لە گەڕانەکانی ئینتەرنێت و گوگڵ وەرناگرم، چونکە تەنیا بۆ زانیاریتان ئەگەر لە گوگڵ بگەڕێیت دەربارەی (پڕۆگرامی هارپ) ئەوا زانیاری لە پتر لە 7 ملیۆن سەرچاوەت بۆ دەخاتە ڕوو کە بە دڵنیاییەوە دەتوانم بڵێم 99% ی ئەو سەرچاوانە هەڵبەستراو و نا دروستن، هی ئەو لایەنانەن کە پێیان دەووترێت Conspiracy.Theorists واتە ئەو لایەن و ڕێکخراوانەی کە بە بەردەوامی هەواڵ و زانیاری هەڵە بە مەبەست بڵاودەکەنەوە سەبارەت بە دەیەها و سەدەها مەسەلەی گرنگ کە پەیوەستن بە ژیانی خەڵکی سادە لە سەرانسەری جیهان بە مەبەستی دروستکردنی کاریگەری سیاسی، ئایینی یان ئایدیۆلۆژی تایبەت بە ئەجینداکانی خۆیان، ئەوان ئەو کارە دەکەن بە سوود وەرگرتن لە کەمی ئاستی زانستی و زانیاری زۆربەی ئەندامانی کۆمەڵگاکان لە سەرانسەری جیهان....
پڕۆگرامی هارپ چیە؟ کەی و بۆ چ مەبەستێک دروست بوو؟ چەند ساڵ کاری کرد؟
پرۆگرامی هارپ HAARP کە بەدرێژی پێی دەووترێت:
High.Frequency.Active.Auroral.Research.Program
واتە پڕۆگرامی لەرەلەرە بەرزەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە چالاکی شەفەقی، کە مەبەست چالاکی چینی ئایۆنۆسفیری بەرگە هەوای گۆی زەویە، پڕۆگرامەکە لە ساڵی 1993 دەستی پێکرد، لە مانگی ئایاری ساڵی 2014 کۆتایی پێ هێنرا، لە مانگی ئابی ساڵی 2015 تەواوی باڵەخانەکە و کەل و پەلەکان لە ئالاسکا بە ئێجگاری درا بە زانکۆی ئالاسکا، خاوەنی پڕۆگرامەکە سێ لایەنی حکومی ئەمەریکی بوو لەگەڵ لایەنی چوارەم کە زانکۆی ئالاسکا بوو....
سێ لایەنە حکومیەکەی ئەمەریکاش ئەمانە بوون:
هێزی ئاسمانی و دەریایی ئەمەریکا لەگەڵ دەزگای DARPA کە دەزگایەکی لێکۆڵینەوەیی زانستی پێشکەوتووە و سەر بە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکایە، لایەنی دروستکەری کەل و پەلەکان وجێبەجێکاری پرۆگرامەکەش کۆمپانیای (BAE بۆ تەکنۆلۆژیا پێشکەوتووەکان) بوو....
مەبەست لەم پرۆگرامەکە بە ووردی ئەمە بوو:
وورژاندنی ڕووبەرێکی دیاریکراو لە چینی ئایۆنۆسفیر لە بەرگە هەوای گۆی زەوی بۆ ئەوەی بزانرێت کاریگەری چی دەبێت لەسەر شکاندنەوەی شەپۆلە کارۆموگناتیسیەکان کە بۆ مەبەستی پەیوەندی کردن بەکار دەهێنرێن، بە کورتی ئەم پڕۆگرامە بۆ لێکۆڵینەوە بوو لە چینی ئایۆنۆسفیر بۆ مەبەستی باشترکردنی پەیوەندیکردنی ڕادیۆیی، هەروەها مەبەستێکی تریش بریتی بوو لە داهێنان و باشترکردنی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنی ڕادیۆیی....
بۆ زانیاریتان چینی ئایۆنۆسفیر لە بەرگە هەوای گۆی زەویە لە بەرزایی 60 کیلۆمەتر دەست پێدەکات تاوەکو 1000 کیلۆمەتر، ئەم چینە لە ئەلیکترۆن و ئەتۆمی بارگاوی پێک دێت، ئەتۆمەکان بەهۆی تیشکی خۆر لە ڕۆژدا بارگاوی دەبن، گرنگی ئەم چینە لەوەدایە شەپۆلە ڕادیۆییەکانی گۆی زەوی دەشکێنێتەوە بەرەو زەوی و بەو هۆیەوە ئێزگە ڕادیۆییەکان و ئامێرە ئاساییەکانی پەیوەندی کردن دەتوانن بێ تەل پەیوەندی بکەن لەگەڵ یەکتر لە دووری هەزارەها و بگرە دەیەها هەزار کیلۆمەتر لە یەکتری لەسەر زەوی، بۆ زانیاریتان بەهۆی ئەم خەسڵەتەی چینی ئایۆنۆسفیر بوو بۆ نموونە دەیەها ساڵ پێش ئێستا گوێمان لە ئێزگە ڕادیۆییە جیهانیەکان دەگرت بە هۆی ئامێرێکی ڕادیۆی سادە کە بە دەستمانەوە بوو کاتێک ئێزگەکان هەزارەها کیلۆمەتریش دوور بوون....
هەر بۆ زانیاریتان ئەم چینە هیچ ڕۆڵێک نابینێت لە چالاکیەکانی کەش و هەوای گۆی زەوی، هەموو چالاکیەکانی کەش و هەوای گۆی زەوی لە چینی تڕۆپۆسفیر و ستراتۆسفیر ڕوودەدەن کە بەرزایی هەردووکیان بە یەکەوە دەگاتە نزیکەی 30 کیلۆمەتر لەسەر ڕووی زەویەوە....
هەنگاوە عەمەلیەکانی پرۆگرامی هارپ چی بوون و چۆن بوون؟
تاقی کردنەوەکە بەم شێوەیە بوو: کۆمەڵێک Transmitter ( واتە نێرەری ڕادیۆیی) بەهۆی کۆمەڵێکی زۆر لە ئەنتێنا بە بڕ و توانای 3.2 مێگا وات شەپۆلی ڕادیۆیی بە لەرە لەری زۆر بەرز دەنێردرا بۆ ڕووبەرێکی دیاریکراوی چینی ئایۆنۆسفیر، لەگەڵ ناردنی شەپۆلەکان و دوای ئەوەش گۆڕانکاری لە خەسڵەتە فیزیایی و کیمیاویەکانی چینی ئایۆنۆسفیر پێوانە دەکرا لەو شوێنە....
لە ڕاستیدا لە ڕووی زانستیەوە ئەم بڕە لە شەپۆلی کارۆموگناتیسی واتە 3.2 مێگا وات بە هەر لەرەلەرێک بێت ناتوانێت هیچ کاریگەریەک دروست بکات لەسەر ژینگە یان کەش و هەوا، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئێزگەی ڕادیۆیی هەیە بە تەنیا بە بەردەوامی لە 24 کاتژمێردا تا نیو مێگا وات شەپۆلی ڕادیۆیی دەنێرێت بۆ چینی ئایۆنۆسفیر، بە سەدەها و هەزارەها ئیزگەی ڕادیۆیی لەم شێوەیە تەنیا لە ئەمەریکا هەیە....
بە داخەوە ئەوانەی لە کوردستان باس لە کاریگەری پرۆگرامی هارپ دەکەن لەسەر ژینگە و کەش و هەوا یان باران بارین لە کوردستان کۆمەڵێک مەسەلەی نا پەیوەندیدار تێکەڵ بە یەکتری دەکەن، دێن باس لە کلکە هەڵمیەکانی فڕۆکەکان دەکەن Air.Plane.Vapor.Trails کە گوایە ماددەی کیمیایی هەڵدەڕێژن و ئەوە کاریگەری لەسەر باران بارین هەیە!
جارێ با بزانین ئەو کلکە هەڵمیانە چین لەدوای توربۆی فڕۆکەکانەوە دەیانبینین؟
سوتەمەنی فڕۆکەکان وەکو سوتەمەنیەکانی تر لە ماددەی هایدرۆکاربۆنی (نەوتی) پێک دێن، پێکهاتەی سەرەکی بریتیە کاربۆن، ئۆکسجین و هایدرۆجین، کاتێک دەسوتێت تەنیا گەرمی و دوو بەرهەمی تری سەرەکی دروست دەکات، بەرهەمەکانیش هەڵمی ئاو و گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنە، ئەو کلکە هەڵمیانەی دەیانبینین هەڵمی ئاوە، کاتێک لە توربۆی فڕۆکەکەوە دەردەچێت بەهۆی ئەوەی هەڵمەکە گەرمە ئەگەر هەوای دەوروبەری ئەو بەرزاییە زۆر سارد بێت یەکسەر هەڵمەکە دەبێتە هەور، ئەمە لەڕووی زانستیەوە وەکو هەموو ئەو هەڵمەی ترە کە لە دەریا و زەریاکانەوە بەرز دەبنەوە و کاتێک دەگەنە چینێکی دیاری کراو لە هەوای سارد هەڵمەکە دەگۆڕێت بۆ هەور....
بە پێچەوانەوە ئەو کلکە هەڵمیانەی لە توربۆی فڕۆکەکانەوە دروست دەبن جگە لە بەخشینی جوانیەک بە ئاسمان بە تایبەتی لەکاتی خۆر ئاوا بوون یان خۆر هەڵات هیچ زیان و کاریگەریەکیان نیە لەسەر بەرگە هەوا، تەنیا گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن نەبێت کە زۆر بوونی ڕێژەکەی لە هەوا بۆتە هۆی دروستبوونی دیاردەی قەتیس بوونی گەرمی لە بەرگە هەوای گۆی زەوی و دوا جار تا ڕادەیەک بۆتە سەرهەڵدانی دیاردەی گەرمبوونی گۆی زەوی، باس کردن لە بڵاوکردنەوە و ڕژاندنی ماددەی کیمیاییش لە ڕێگەی ئەو هەڵمەی لە فڕۆکەکانەوە دەردەچێت لەو فڕۆکانەوە جگە لە درۆیەک یان هەواڵێکی هەڵبەستراو زیاتر هیچی تر نیە، تەحەدای هەر کەسێک دەکەم ئەگەر سەرچاوەیەکی دیار یان ڕەسەن لە هەر شوێنێکی جیهان باسی لەم شتە کردبێت....
بۆ زانیاریتان لە هەموو کاتێدا بە بەردەوامی بە شەو و ڕۆژ پتر لە 5000 فڕۆکەی بازرگانی و گەشتیاری بە ئاسمانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوەیە و هەمان ئەو سوتەمەنیانە دەسوتێنن کە فڕۆکەکانی سەر شاری سلێمانی یان کوردستان دەیان سوتێنن....
بە بۆچوونی من ئەگەر پسپۆڕ و شارەزایەکانی کوردستان ئەم شتانە نەزانن ئەوا کارەساتێکی زۆر گەورەیە، ئەگەر بە مەبەستیش ئەو جۆرە هەواڵە نادروست و نازانستیانە بڵاو بکەنەوە کاتێک دەیزانن هەڵە و نادروستە ئەوا کارەساتەکە دەگاتە ئاستی تاوان....
بەدەر لە بابەتی پرۆگرامی هارپ کە لەسەرەوە وورژاندم، کرۆکی کێشەی بڵاوبوونەوەی هەواڵی نا زانستی و نا دروست لە سەرتاسەری جیهان لە ڕاستیدا پەیوەندی هەیە بە پێشکەوتنێکی بێ وێنە لە 25 ساڵی ڕابردوو لە ڕووی خێرایی و ئاسانی بڵاوکردنەوەی زانیاریەکان لە ڕێگەی ئینتەرنێت، لە سەردەمی پێش ئینتەرنێت هەموو سەرچاوەکانی هەواڵ و زانیاری لە هەموو کونجێکی جیهان دیار و ناسراو بوون، تا ڕادەیەکیش بەرپرسیاریەتیان هەڵدەگرت لە ڕاستی و دروستی بڵاوکردنەوەی زانیاری و هەواڵەکان، بەڵام لە دوای دەست پێکردنی سەردەمی ئینتەرنێت بەتایبەتیش دوای بڵاوبوونەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان تۆڕی ئینتەرنێت باشترین زەمینەی ڕەخساند بۆ لایەنە خاوەن ئەجینداکان لە سەرتاسەری جیهان بۆ بڵاوکردنەوەی هەوڵی نادروست و هەڵبەستراو بێ ئەوەی پێویست بکات هیچ بەرپرسیاریەتیەکی ڕاستی و دروستی ئەو هەواڵ زانیاریانە بگرنە ئەستۆ....
لە چەند ڕۆژی داهاتووش دوو بابەتی تر بڵاو دەکەمەوە کە پەیوەستە بەم بابەتەی ئێرە، بابەتی یەکەم شیکارێکی زۆر زانستی و ووردە لەسەر "دیاردەی قەتیسبوونی گەرما لە بەرگە هەوا وگەرمبوونی گۆی زەوی" یە، لە راستیدا دەبوو ئەو شارەزاو پسپۆڕانەی سەرەوە لە کوردستان ئەم کارەیان بکردایە، بەڵام من بە شانازیەوە دەیکەم....
بابەتی دووەمیش لەسەر کێشەی بڵاوبوونەوە و تەشەنەکردنی هەواڵە نا دروست و هەڵبەستراوەکانە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک....
تێکساس





!هیوادارم به‌ دڵتان بێت 

 :له‌گه‌ڵ ڕێزی به‌ڕێوبه‌ر

Ahmed YK (S.R.K2) Designer                                                                             به‌ڕێوبه‌ر





زۆر گرنگ: ڕاستیەکان دەربارەی پڕۆگڕامی HAARP هارپ…. Reviewed by Ahmed YK (S.R.K2) Designer on 11:32 ص Rating: 5

ليست هناك تعليقات:

په‌یوه‌ندی مان پێوه‌ بكه‌

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

يتم التشغيل بواسطة Blogger.